
رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، رەوانە نەكردنی پرۆژە یاسای بودجە بۆ پەرلەمان بەتەنها بەسە بۆ ئەوەی متمانە لەحكومەت وەربگیرێتەوە.
رێواز فایەق لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن وتی، دوو خولی پەرلەمان و دوو كابینەی وەزارییە پرۆژە یاسای بودجە رەوانەی پەرلەمان ناكرێت، ئەوەش بەتەنها بەسە بۆ ئەوەی متمانە لەحكومەت وەربگیرێتەوە.
هەرچی سەبارەت بە دەستوری هەرێمی كوردستان سەرۆكی پەرلەمان باسی لەوە كردووە، هەموو هێزە سیاسییەكان رێككەوتوون لەسەر ئەوەی رەشنوسی دەستور لەم خولەی پەرلەماندا ئامادە بكرێت بۆ راپرسی.
چەندین ساڵە هەرێمی كوردستان یاسای بودجەی نەبووە و لە مانگی ئایاری ئەمساڵیش وەزارەتی دارایی پرۆژە یاسای بودجەی رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران كرد، بەڵام تاوەكو ئێستا رەوانەی پەرلەمان نەكراوە.
