
رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان دەڵێت، هەرێم جیاوازییەكی ئێجگار زۆری لەگەڵ عیراق و وڵاتانی دەوروبەریش هەیە و ئەزمونێكی سەركەوتووە بۆ گەشەپێدان بە پێگەی ژنان لە ناوچەكەدا.
لە مەراسیمی دەستبەكاربوونی بۆردی هەرێمی كوردستان بۆ بڕیاری نەتەوەیەكگرتووەكان رێبەر ئەحمەد وتی، هەرێم زۆرترین هەوڵیداوە بۆ ئەوەی ژینگەیەكی ئارام بۆ ژنان دابین بكات بۆ ئەوەی دووربن لە توندوتیژی.
باسی لەوەكرد، لەگەڵ ئەوەی بوونی داعش مەترسییەكی گەورەیە لەسەر ئاشتی و سەقامگیری عیراق و لەماوەی یەك هەفتەدا پێشمەرگەكانی كوردستان دوو جار هێرشیان كراوەتە سەر و شەهید و بریندارمان هەیە، تاوەكو سەرچاوەی نائارامی لەناو نەبەین ناتوانین ئاشتی و سەقامگیرییەكی بەردەوام بۆ كۆمەڵگە و ژنان دابین بكەین.
رونیشیكردەوە، ئەگەر سەیری هەرێم بكەین دەبینین چەندان وەزیر لە كابینەی نۆیەم ژنن، سەرۆكی پەرلەمان و چەندان بەڕێوەبەری گشتی و ئەفسەریش لە پێگە جیاوازەكان خزمەت دەكەن و ئەوەش نیشانەی گەشەسەندویی هەرێمیە، لەگەڵ ئەوەی ئەزمونیكی سەركەوتووە بەڵام هێشتا دەبێت هاوكاریمان بكەن بۆ ئەوەی بەردەوام بین كارێك بكرێت ژنان بڕیاردەربن لە دروستكردنی ئاشتی.


