یانەی شورتەی عیراقی ئاشكرای كرد، لە شاری هەولێر هێرش كراوەتە سەر هاندەرانیان و دەستەی ئیداریی یانەكە و ئاڵای عیراق پارچە پارچە كراوە و ئەوەش چەندین جارە دوبارە بووەتەوە و كەس گوێی پێنادات.
یانەی شورتە لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردووەتەوە، ئیدارەی یانەكە داوایەكی بە پەلە دەكات بۆ وەستاندنی ئەو مەهزەلەیەی روویدا و تاوەكو ئێستاش لە یەكێك لە شارەكانی عیراق كە هەولێرە روودەدات و هاندەرانی یانەی هەولێر هێرشیان كردە سەر ئیدارە و هاندەرانی یانەكەیان.
جەخت لەوەش كراوەتەوە، هەروەها بە بەرچاوی بەرپرسانی پارێزگاكەوە ئاڵای عیراق پارچە پارچە دەكرێت، ئەوەش لە دیاردەیەكدا كە لە سەرجەم بۆنە وەرزشییەكاندا دووبارە دەبێتەوە، بەبێ ئەوەی كەس گوێی پێ بدات.
لە بەشێكی تری بەیاننامەكەدا هاتووە، پاراستنی سەلامەتی هاندەران و ئەندامانی یانەكە كە تاوەكو ئێستاش لەو شارەن لە ئەستۆی بەرپرسانی هەرێمە، داواش لە یەكێتی تۆپی پێی عیراق دەكەن هەڵوێستی یەكلاكەرەوەی هەبێت و بە پێچەوانەوە یانەكە هەڵوێستی یاسایی دەبێت.
لە جامی عیراق رۆژی شەممە یانەی هەولێر لە یاریگای خۆی میوانداری یانەی شورتەی عیراقیی كرد و بە لێدانی یەكلاكەرەوە لە یانەی میوانی بردەوە.