
وەزارەتی رۆشنبیری هۆشداری دەداتە میدیاكان و جەخت لەوە دەكاتەوە، بڵاوكردنەوەی ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەی رێكخراوی داعش بەرهەمیان دەهێنێت قەدەغەیە و بە پێچەوانەوە رووبەڕوی لێپرسینەوەی یاسایی دەبنەوە.
وەزارەتی رۆشنبیری لە راگەیەندراوێكدا جەختی لەوە كردووەتەوە، ئاگاداری گشت میدیا بیندراوەكان و پۆرتاڵەكانیان دەكەینەوە، بە هیچ جۆرێك ئەو وێنە و ڤیدیۆیانە بڵاونەكەنەوە كە لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە بەرهەمهێندراون و تایبەتن بە هێرشەكانیان بۆسەر هێزی پێشمەرگە و خەڵكی مەدەنی.
ئەوەش هاتووە، بڵاوكردنەوەی ئەم وێنە و ڤیدیۆیانە بە بێئاگایی ئەو كەناڵانە دەبن بە رایەڵێكی میدیایی تیرۆریستان و ترس و تۆقاندن و دڵەڕاوكێ لەنێوان هاوڵاتیاندا بڵاودەكەنەوە، ئەمەش پێچەوانەی رێنماییەكانە.
لە بەشێكی تری راگەیەندراوەكەی وەزارەتی رۆشنبیریدا هاتووە، هەر كەناڵێك پێچەوانەی ئەو گشتاندنە هەڵسوكەوت بكات روبەڕوی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێتەوە، پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و ئاشتی كۆمەڵایەتی ئەركی سەر شانی هەموولایەكە، بۆیە پێویستە پابەندی یاسا و رێنوێنییەكان بن.

