
نوسینگەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رونكردنەوەیەك لەبارەی راپۆرتی نوسەرێكی ئەمریكی بڵاودەكاتەوە كە چەند رۆژێكە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاودەكرێنەوەو بەبێ بنەماو ناڕاست ناوزەدی دەكات و رایگەیاندوە، زانیارییەكانی ناو راپۆرتەكە دوورن لە راستییەوە.
ئەمەی خوارەوە دەقی رونكردنەوەكەی نوسینگەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە:-
ڕوونكردنەوەیەك لە نووسینگەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە
چەند ڕۆژێكە هەندێك سایت و پەیجی سۆشیال میدیا، بابەتی كەسێكی ئەمریكی بڵاودەكەنەوە كە ڕاپۆرتێكی بێ بنەمایە لەسەر سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان. ئەم بابەتە دوورە لە ڕاستییەوەو هیچ بنەمایەكی بۆ نییە، لێرەدا بە پێویستی دەزانین چەند ڕوونكردنەوەیەك لەبارەی ئەم تۆمەتە بێ بنەمایە بخەینەڕوو:
نووسەری ڕاپۆرتەكە بۆ هەڵبەستنی درۆیەكانی پشتی بە كۆنتراكتێك بەستووە، كە گوایە واژۆی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، بەڵام ئەم واژۆیە هیچ پەیوەندییەكی بە سەرۆكی حكومەتەوە نیە.
دوای بەدواداچوونمان، دەركەوت نووسەری ڕاپۆرتەكە، پەیوەندی لەگەڵ خێزانی پەرلەمانتارێكی كوردی پێشووی عێراقەوە هەیە كە هاووڵاتی ئەمریكییەو بە هەڵوێستەكانی دژ بەخەڵكی كوردستان ناسراوەو بەهۆی كردەوە و هەڵوێستی خۆفرۆشانەی، لەلایەن خەڵكی نیشتمانپەروەری كوردستانەوە سزا دراو لە دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی پێ نەدراو ڕیسوا كرا.
دووپاتی دەكەینەوە كە ئەم بابەتە هەڵبەستراوە و بەشێكە لەو هەڵمەتە چەواشەكارییەی كە دژی چاكسازییەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و جەنابی سەرۆكی حكومەت دەكرێت.
نووسینگەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان
9ی دیسەمبەری 2021

