
فرانك مكێنزی فەرماندەی یەكەمی سوپای ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەڵێت، ئەو 2500 سەرباز و راوێژكارە سەربازییەی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان و عیراقن لەوێ دەمێننەوە.
فرانك مكێنزی بە ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێسی وتووە، لە كۆتایی ئەم مانگەوە ئەركی هێزەكانی وڵاتەكەی لە عیراق گۆڕانی بەسەردا دێت و كردە سەربازییەكان دەوەستێنن.
هێمای بۆ ئەوەش كردووە، بەڵام ئەوان بەردەوام دەبن لە پێشكەشكردنی پاڵپشتی ئاسمانی و جۆرەكانی دیكەی یارمەتی سەربازی بە هێزە عیراقییەكان بۆ روبەڕوبونەوەی هەڕەشەكانی داعش.
سەبارەت بە هەڕەشەی میلیشیاكانی نزیك لە ئێران وتویەتی، ئاگادارن ئەو گروپە چەكداریانە دەیانەوێت تەواوی هێزە رۆژئاواییەكان عیراق جێبهێڵن، هەربۆیە چاوەڕوان دەكرێت بە درێژایی ئەم مانگە هێرشەكانیان دژی ئەو بنكانە زیاد بكەن كە هێزەكانی ئەمریكا و هێزە رۆژئاواییەكانی دیكەیان تێدا دەمێننەوە.
ئەو بەرپرسە سەربازییە ئەمریكییە ئاماژەی بەوەشداوە، عیراقییەكان هێشتا دەیانەوێت ئێمە لەوێ بین و بوونی ئێمەیان بەلاوە گرنگە، هەربۆیە تاوەكو ئەوان مانەوەی ئێمەیان بەلاوە باش بێت و هەردوولامان لەسەر ئەو بابەتە هاوڕا بین، ئێمەش لەوێ دەبین.


