
فەریق جەمال محەمەد سەرۆك ئەركانی پێشمەرگە رایگەیاند، لە كۆبوونەوەیان لەگەڵ فەرماندەیی پرۆسە هاوبەشەكانی عیراق و سەركردە ئەمنییەكانی تر، رێكەوتن كراوە لەسەر هاوكاری و هەماهەنگی لە نێوان كەرتەكاندا و ئەنجامدانی پرۆسەی هاوبەش دژی پاشماوەكانی داعش.
فەریق جەمال لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتویەتی، كۆبوونەوەی سەركردەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی سوپای عیراق تەواوكەری كۆبونەوەكانی پێشوو بوو، كۆبوونەوەیەكی باش بوو تێیدا رێكەوتن لەسەر هاریكاری و هەماهەنگی لەنێوان كەرتەكان و ئەنجامی پرۆسەی سەربازی دژی پاشماوەكانی تیرۆر كرا.
رونیشیكردووەتەوە، داعش و كردەوەكانی لەناوچەكەدا زیاد دەكەن، بۆیە پێویستە هاوكاری و هاوبەشی لەنێوان هەردولا هەبێت بۆ لەناوبردنیان.
لەماوەی رابردوودا هێرشەكانی رێكخراوی داعش بەتایبەتی لە ناوچە جێناكۆكەكان بۆ سەر هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عیراق لە زیادبووندان، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی هەردولا كۆبوونەوەكانیان چڕ بكەنەوە و چەندین پرۆسەی سەربازی بۆ لەناوبردنی پاشماوەكانی ئەو رێكخراوە ئەنجام بدەن.
