
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكومەتی هەرێمی كوردستان و رێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی (IOM) لەكۆنفرانسێكدا لەشاری بەغدا تاوتوێی دەرفەتی كارو پرۆژەی بچوك و مامناوەندیان كرد.
لەسەر بانگهێشتی رێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی IOM كەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی و كوێستا محەمەد وەزیری كاروكاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان و شاندێكی یاوەریان، بەشداری كۆنفرانسێكیان كرد لە شاری بەغدا سەبارەت بە راگەیاندن و سەركەوتنی پرۆژەی هەزار هەلی كار.
لەو كۆنفرانسەدا وەزیری بازرگانی و پیشەسازی وتەیەكی پێشكەشكردوەو تیشكی خستۆتە سەر گرنگی و رۆڵی دەستی كارو دەرفەتەكان بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری و پەرەپێدان بە پرۆژە بچوك و مام ناوەند، تا ببنە رێگەیەك بۆ گەشەسەندنی لەبوارەكانی ئابوری و بازرگانی و پیشەسازی.
لەوبارەیەشەوە فەتحی محەمەد عەلی راوێژكاری پەیوەندییەكان لە وەزارەتی بازرگانی و ئەندامی شاندی هەرێم بۆ بەغدا بە رادیۆی نەوای راگەیاند: هەردوو وەزارەتی بارزگانی و پیشەسازی و كاروكاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێم، بانگهێشتی بەغدا كرابون لەلایەن رێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتییەوە بەمەبەستی راگەیاندنی كەمپینێك بۆ گەنجان كە هەزار پرۆژەیەو لێی سودمەند دەبن لە پرۆژەی بچوك و مامناوەند.
وتیشی: هەرچەندە پێشتر پرۆژەكە راگەیەنرابوو، بەڵام كۆنفرانسەكە بۆ راگەیاندنی سەركەوتنی بوو، هەر لەو كۆنفرانسەدا لەلایەن گەنجانی بەشدار لە پیشانگایەكی بچوك كرایەوە لەو بڕە پارەیەی كە رێكخراوەكە بە گەنجانی دەدات، پاشان شاندی حكومەتی هەرێم چەندین دیداری تیادا ئەنجامداو لەمیانی پێشكەشكردنی وتارەكانیشیاندا جەختیانكردەوە كە پێویستە ئەو پرۆژانە بەردەوامیان هەبێت و هەرێمی كوردستان زیاتر سودمەندبێت.
راوێژكاری پەیوەندییەكان لە وەزارەتی بازرگانی وتیشی: نزیكەی 125 گەنج لە پارێزگاكانی هەولێرو سلێمانی و دهۆك بەشداربون، بەڵام لە پرۆژەكانی داهاتوو كە نیازیان هەیە دوبارەو سێبارەی بكەنەوە، هەرێمی كوردستان زیاتر سودمەندبێت تا ببێتە هۆی ئەوەی دەرفەتی كار زیاتر بێت بۆ چینی گەنجان.


