
عەبدولواحید محەمەد سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان ئاماژە بەوە دەدات، لە هەوڵەكانیان بۆ دابینكردنی یەكەی نیشتەجێبون بۆ مامۆستایان بەردەوامن، ئەوەش دوای ئەوەی لەماوەی رابردودا بەشێك لەو یەكانەیان لە چوارچێوەی پرۆژەی شاری مامۆستایان دابینكردووە.
عەبدولواحید محەمەد لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتویەتی، لەماوەی رابردوو هەزار و 13 یەكەی نیشتەجێبونیان لەرێگای كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت و بە نرخێكی گونجاو وەك شاری مامۆستایان دابینكردوە، ئێستاش لەهەوڵەكانیان بەردەوامن تاكو یەكەی زیاتر دروست بكرێت.
رونیشیكردووەتەوە، رێگری سەرەكی لەبەردەم دواكەوتنی هەوڵەكانیان نەبونی زەوییە، پێشتر لەلایەن حكومەتەوە دابیندەكرا بەڵام ئێستا پێدانی زەوی راگیراوە، بۆ ئەوەش چاوەڕوانن لەداهاتودا دەست پێبكاتەوە.
سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان باسی لەوەش كردووە، دەخوازن دوای دەستپێكردنەوەی بەدابەشكردنی زەوی ئاسانكاری زیاتر بۆ مامۆستایان بكرێت، بۆ ئەوەی بتوانرێت خانوو بەنرخێكی گونجاو و قیستی درێژخایەن بۆ مامۆستایان دابین بكرێت.
