
لیژنەی پاسەوانی سنوریی بیلاڕوسیا بڵاویكردەوە، بەهۆی ناڕەزایەتی دژی ئەو مامەڵە دڕندانەی بەرامبەر كۆچەران دەكرێت سەربازێكی پۆڵەندی لە وڵاتەكەی هەڵاتووە و داوای مافی پەنابەرێتی لە بیلاڕوسیا كردووە، وەزیری بەرگری پۆڵەنداش دەڵێت، ئەو سەربازە كێشەی مەترسیداری لەگەڵ یاسادا هەبووە بۆیە هەڵاتووە.
لیژنەی پاسەوانی سنوریی بیلاڕوسیا لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردووەتەوە، سەربازێكی پۆڵەندی بەناوی “ئیمیڵ چیچكۆ” لەسەر سنورەكانی وڵاتەكەی و پۆڵەندا راگیراوە كە هەڵاتووە و داوای مافی پەنابەریی كردووە، ئەوەش دژی ئەو مامەڵە خراپ و نامرۆڤانەیەی بەرامبەر كۆچەران دەكرێت.
ئیمیڵ لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ كەناڵێكی تەلەفزیۆنی بیلاڕوسیا وتویەتی، جلە سەربازییەكانی داكەندووە و بەڕووتی هاتووەتە سنورەكانی بیلاڕوسیاوە، ئەستەم بووە بۆی بەرامبەر ئەوەی لەناو خاكی پۆڵەندا روودەدات بێدەنگ بێت.
لای خۆشیەوە وەزیری بەرگری پۆڵەندا رایگەیاندوە، ئەو سەربازە كێشەی مەترسیداری لەگەڵ یاسادا هەبووە بۆیە هەڵاتووە و پێشتریش دەستی لە ریزەكانی سوپا كێشاوەتەوە و نەدەبوایە بخرێتە خزمەتی سنورەكانەوە.

