
وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاوی عیراق ئاشكرای كرد، ئەو شەپۆلە بارانەی رووی لە پارێزگاكانی باكور كرد، سەرەتای كۆتایی هاتنی قۆناغی وشكەساڵییە، كە ماوەی 3 ساڵە عیراقی پێدا تێپەڕ دەبێت.
مەهدی رەشید حەمدانی وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عیراق بە رۆژنامەی “سەباح”ی نیمچە فەرمی وتووە، شەپۆلی باران بارین لە پارێزگاكانی باكور سەرەتایەكە بۆ كۆتایی هاتنی وشكەساڵی، كە ماوەی 3 ساڵە وڵاتی گرتووەتەوە.
رونیشیكردووەتەوە، سەردانی سەڵاحەدین و نەینەوایان كردووە بۆ بەدواداچوون بۆ مەلەفی باران و ئێستا ئاوی زۆر لە بەنداوی “دوبس”ەوە دەڕژێت و بە درێژایی روباری دیجلە چاودێری دەكرێت، سەرجەم ئەو ئاوە زیادەی لە رێگەی دیجلەوە دەڕژێتە دەریاچەی سەرسار كۆدەكرێتەوە و لەكاتی كەمی ئاو و وشكەساڵی سودی لێ دەبینرێت.
لە ماوەی چەندی رۆژی رابردودا شەپۆلێكی بارانبارین رووی لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و چەند ناوچەیەكی تری عیراق كرد و لافاو لە چەندین ناوچە دروست بوو، ئەوەش بووە هۆی بەرزبونەوەی ئاستی ئاو لە دەریاچە و بەنداوەكان.

