
بەلەمێكی تری كۆچەران بە 80 سەرنشینەوە لە نزیك دورگەی بارۆس ژێر ئاو كەوت و بەپێی سەرچاوەكانی هەواڵی یۆنانیش 13 كۆچەر خنكاون و 63 رزگار كراون و 4ی تریش بێسەروشوێنن.
رۆژنامەی “برۆتۆ تیما”ی یۆنانی لەزاری پاسەوانی ئێشكگری كەناراوەكانی ئەو وڵاتەوە بڵاویكردووەتەوە، ئێوارەی رۆژی هەینی بەلەمێكی كۆچەران لە نزیك دورگەی بارۆس بە 80 كۆچەرەوە ژێر ئاو كەوتووە.
ئەوەش هاتووە، تاوەكو ئێستا 63 كۆچەر رزگار كراون و 13 خنكاون، هەروەها 4 كۆچەرەكەی تریش بێسەروشوێنن و گەڕان بەدوایاندا بەردەوامە، پێشتر بڵاوكرایەوە كە بەلەمەكە 60 كۆچەری لەسەر بووە و 57 رزگار كراون.
ئەوەش لەكاتێكدا، ئەوە سێیەم كارەساتی ژێر ئاو كەوتنی بەلەمی كۆچەرانە لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردودا و لەو ماوەیەدا 90 كۆچەر رزگار كراون و 11ی تریش خنكان.
بەپێی زانیاریەكان، لەماوەی 3 رۆژی رابردودا 160 كۆچەر رزگار كراون، هەروەها تەنها لە ساڵی 2021دا زیاتر لە 29 هەزار كۆچەر لە ئاوەكاندا رزگار كراون.


