مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە سەرۆكایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی، لە كەركوك كۆبووەوە و جەختی لە سیاسەتی نەگۆڕی یەكێتی كردەوە، كە پێویستە حكومەتی داهاتوو لەسەر بنەمای دەستوور و تەوافوق و شەراكەتی راستەقینە.
بەپێی راگەیەنراوی كۆبوونەوەكە ، تەوەرەی سەرەكی باسەكان رەوشی سیاسیی كوردستان و عێراق بوون لە دەروازەی ساڵی نوێ و هەڵوێستی یەكێتی دەربارەی مافەكانی كورد لە بەغداد و پێكهاتنی حكومەتێكی نوێ، لەبەر رۆشنایی دەرەنجامی دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران .
لەو بارەیەوە مەكتەبی سیاسی، جەختیكردەوە لە سیاسەتی نەگۆڕی یەكێتی، كە پێویستە حكومەتی داهاتوو لەسەر بنەمای دەستوور و تەوافوق و شەراكەتی راستەقینە نوێنەرایەتی هەموو پێكهاتەكان بكات و پێشینەی حكومەتێكی خزمەتگوزار و دەربەست لە ئاست داخوازییەكانی گەلی عێراق، بكاتە كارنامەی بەپەلەی خۆی، راشیگەیاند، تەنها بە حكومەتێكی لەو شێوەیە پڕۆسەی سیاسیی عێراق دەپەرژێتە سەر ئەركە نیشتمانییەكانی بەرەنگاری تیرۆر و تایفەگەری و راستكردنەوەی باری ئەمنی و سیاسی بە تایبەتی بۆشایی ئەمنی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵی، كە پێویستی بە هەماهەنگی كارا هەیە لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق.
بۆ ئەو مەبەستە مەكتەبی سیاسی كۆبوونەوەكەی لە كەركوك، بە ئاماژە و پەیامێكی كوردستانی و عێراقی لە قەڵەمدا، كە مەبەست لێی بایەخدانە بە ژیان و ئارامی خەڵكی ناوچە دابڕاوەكانی كوردستان بە هەموو پێكهاتەكانییەوە، و پێویستە بە نەخشەڕێی سیاسی و دەستووری كێشەكانیان چارەسەر بكرێت.
هەروەها مەكتەبی سیاسی، پێداگری كرد لەسەر پێویستی یەكخستنی بە كردەوە و كارای هەڵوێستی كوردستانی لە بەرامبەر پێشهاتەكانی عێراق، بۆ ئەوەی پڕۆژەی كوردستانی، ئەركەكانی لە خزمەتی پڕۆسەی سیاسی و ئیستحقاقەكانی حكومەتی تازە جێبەجێبكات، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنە هاوبەشەكانی یەكێتی و پارتی گەڵاڵەی بەرنامەی پێكەوەیی لە بەغداد یەكلایی بكەنەوە.
بەشێكی تری كۆبوونەوەكە تەرخانكرا بۆ كاروباری ناوخۆی یەكێتی و چاكسازی و گەشەپێدان و هەڵوێستی حزبی و جەخت كرایەوە كە پڕۆسەی رێكخستنەوەی پەیكەری یەكێتی لە مەكتەب و ئۆرگانەكان بەردەوامە و هەنگاو بە هەنگاو بەرەو پێشەوە دەڕوات بۆ پتەوكردن و پوختەكردنی ریزەكانی یەكێتییەكەی سەرۆك مام جەلال و كۆششكردن بۆ گەنجكردنەوەی حزب لە رێی نوێكردنەوەی بەشداری چۆنایەتی ژنان و لاوان لە ئۆرگان و رێكخراوەكانی یەكێتیدا.