
پەرلەمانتارێكی كوردستان ئاشكرای دەكات، حكومەتی عیراق نەوتی رەش بە نرخی پاڵپشتیكراو دەداتە هەندێك كارگە لە هەرێمی كوردستان و حكومەتی هەرێمیش لەبەرامبەردا داوای پارەیان لێدەكات.
عەبدولستار مەجید ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بڵاویكردۆتەوە، بەپێی هەندێك زانیاری لە هەرسێ پارێزگاكەی هەرێم كە بەدەستیان گەیشتوە، حكومەتی عیراق نەوتی رەش بەنرخی پاڵپشتیكراو (مدعوم) دەداتە هەندێك كارگە لەهەرێمی كوردستان، بەڵام حكومەتی هەرێم و بەتایبەتیش وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لەبری پشتیوانی بازاڕی ناوخۆ و كارگە خۆماڵییەكان و كارئاسانیكردن بۆیان، ناچاریكردون لەو نەوتە رەشەی وەزارەتی نەوتی عیراق بەنرخێكی رەمزی دەیانداتێ، بۆ هەر تەنێك 10 دۆلار بدەن بە حكومەتی هەرێم .
عەبدولستار مەجید دەشڵێت: لە دونیادا حكومەت ئەركی پاراستنی بەرژەوەندی خەڵك و پشتیوانی بازاڕی ناوخۆ و هاندانی كارگەكانە، بەڵام ئەم دەسەڵاتە هەموو شتێكی پێچەوانەی دونیایەو هەموو ئەركی بوە بە دروستكردنی بارگرانی لەسەر شانی خەڵك و بڕینی گیرفانی خەڵك و سەپاندنی رۆژ بە رۆژی باج و رسوماتی ناشەرعی و ناقانونی.


