پارێزگای هەولێر رایگەیاند، شەوی رابردوو لە عەنكاوا و شاری هەولێر 6 یانەی دیكەی شەوانە داخران، كە بوبونە هۆی بێزار كردنی هاوڵاتیان و لادان لەیاسا.
پارێزگای هەولێر لە ئەكاونتی تایبەت بە خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاویكردووەتەوە، شەوی شەممە 15ی 1ی 2022 لەدرێژەی هەڵمەتی داخستنی ئەو شوێنانەی پابەندنین بەبڕیار و رێنماییەكانی پارێزگای هەولێر، 6 یانەی تری شەوانە لە عەنكاوا و هەولێر داخران.
رونیشكراوەتەوە، ئەو یانانە بونەتە هۆی بێزاری هاوڵاتییان و لادان لەیاسا، بۆیە بەسەرپەرشتی قائیمقامیەتی قەزای ناوەند لەلایەن هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش داخران و رێكاری یاسایی لەبەرامبەر خاوەنەكانیان گیرایەبەر.
پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوەشداوە، لە چوارچێوەی هەڵمەتی رێگەگرتن لەدیاردەی ناشیرین و دوور لە ئادابی گشتی و روونەدانی رووداوی نەخوازرا و پاراستنی داب و نەریت و بەهۆی سەرپێچی و پابەندنەبوون بەبڕیار و رێنمایەكان، لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا چەندین شوێن داخراون و هەڵمەتەكەش بەردەوامە.