
عالیە نوسێف ئەندامی پەرلەمانی عیراق داوا لە پەرلەمانتاران دەكات، پابەندبن بە سوێند خواردنەكەیانەوە و دەنگ بە كەسێك نەدەن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كە پێشتر بەهۆی تۆمەتی گەندەڵییەوە لە پۆستەكەی لابراوە.
سەبارەت بە پاڵاوتنی هۆشیار زێباری بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، عالیە نوسێف لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە، داوا لە سەرجەم پەرلەمانتاران دەكات پابەندبن بە سوێند خواردنەكەیانەوە و دەست بگرن بە بنەما و ئەخلاقیاتە نیشتمانی و شەرعییەكانەوە لەبەردەم گەلی عیراقیدا.
وتوشیەتی، پێویستە دەنگ بە كەسێك نەدەن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كە پێشتر بە تۆمەتی گەندەڵی ئاشكرا و بوونی بەڵگەی تەواو لەبەردەم سەرجەم پەرلەمانتاراندا لێپرسینەوەی لێكراوە و دەنگ بە لەسەركار لابردنی دراوە و مەلەفەكەی ئاڕاستەی دادگا كراوە.
ئەو پەرلەمانتارە هێمای بۆ ئەوەش كردووە، پاڵاوتنی كەسێك بۆ سەرۆك كۆمار كە پێشتر بە تۆمەتی گەندەڵی لە پۆستەكەی لابراوە سوكایەتی كردنە بە دەوڵەت و یاسا و دەسەڵاتی دادوەریی.
