
روانگەی سوریی بۆ مافەكانی مرۆڤ ئاشكرای كرد، یاخیبوون لە كۆتا تەلاری گرتووخانەكەی غوێران كۆتایی هاتووە و ئەمیری رێكخراوەكە و گروپەكەی خۆیان رادەست كردووە، زیانە گیانیەكانیش بۆ 341 كەس بەرزبوونەتەوە.
رامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری روانگەكە لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ كەناڵی “BBC” بەریتانی وتی، یاخیبوون لە كۆتا تەلاری گرتووخانەی سەناعە لە غوێرانی سەربە حەسەكە كۆتایی هات، ئەوەش دوای كوژرانی چەكدارانی داعش و خۆڕادەست كردنی ئەمیرێكی رێكخراوەكە و چەند چەكدرێك لە گروپەكەی.
رونیشیكردووەتەوە، هەسەدە كۆتایی هاتنی پرۆسەكە بە تەواوەتی رادەگەیەنێت، ئەمیرەكەی داعش كە ناوی “ئەبو عوبەیدە”یە لەگەڵ 20 چەكداردا خۆی رادەست كردووە، لە كۆتا پرۆسەشدا 5 چەكداری داعش كوژراون هەروەها 3 چەكداری تر كە لە ماڵێكدا خۆیان حەشاردابوو كوژراون.
سەبارەت بە كۆی زیانە گیانیەكان وتویەتی، 260 چەكداری داعش و 74 ئەندامی هێزەكانی هەسەدە و ئاسایشی ناوخۆ و 7 هاوڵاتی مەدەنی كوژراون، بەشێك لە هاوڵاتیانی مەدەنی گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان بەڵام هێشتا مەترسی ئەوەیە ژمارەیەك لە چەكدارانی داعش لەناو ماڵەكاندان بن كە پێشتر لە گرتووخانەكە هەڵاتبوون.

