وەزارەتی دارایی و ئابوریی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە، مانگانە 40 هەزار دینار بۆ خوێندكارانی ناو شار و 60 هەزار دینار بۆ خوێندكارانی دەرەوەی شار كە بە سیستمی زانكۆلاین وەرگیراون خەرج دەكرێت.
وەزارەتەكە لە گشتاندنێكدا كە بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ناردووە ئاماژەی بەوەداوە، پاڵپشت بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران مانگانە بڕی 40 هەزار دینار وەك پاڵپشتی بۆ قوتابیان و خوێندكارانی ناوەوەی شار كە رێگەی زانكۆلاینەوە وەرگیراون خەرج دەكرێت.
رونیشكراوەتەوە، هەروەها بڕی 60 هەزار دینار دەدرێتە ئەو خوێندكار و قوتابیانەی كە لە دەرەوەی شارن و لە رێگەی زانكۆلاینەوە وەرگیراون، بڕی گوژمەی ماوەش بۆ خزمەتگوزاری بەشە ناوخۆییەكان دابین دەكرێت، بە مەرجێك لە رێگەی هەمان سیستمەوە وەرگیرابن.
هەر بەپێی نوسراوەكە، خەرج كردنی ئەو بڕە پارانەی ئاماژەی پێكراوە لەسەر بودجەی ئاسایی زانكۆ و پەیمانگاكان دەبێت، هەروەها پاڵپشتیەكە لە رێكەوتی 1ی1ی 2022ەوە خەرج دەكرێت.