ڤیان سەبری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عیراق رایگەیاند، هۆشیار زێباری لە كێبڕكێی وەرگرتنی پۆستی سەرۆككۆمار دەمێنێتەوە، ئەو بڕیارە كاتیەی لەلایەن دادگای فیدراڵیەوە لەبارەی كاندیدبونیەوە دەركراوە هەڵدەگیرێت، ئەوەی بەرامبەری كراوە زیاتر سیاسیە.
ڤیان سەبری لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا بۆ ماڵپەڕی حزبەكەی وتی، تاكە كاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆككۆماری عیراق تاوەكو ئێستا هۆشیار زێبارییە و لە كێبڕكێ دەمێنێتەوە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە.
ئاشكراشیكردووە، دڵنیان لەوەی كاندیدی پارتی هیچ كێشەیەكی یاسایی نییە و ئەوەی بەرامبەری كراوە زیاتر سیاسییە، ئەو بڕیارە كاتیەی لەلایەن دادگای فیدراڵیەوە لەبارەی كاندیدبوونی دەركراوە هەڵدەگیرێت، دادگاش پرسەكە یەكلا دەكاتەوە.
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی باسی لەوەشكردووە، هەر كاتێك بڕیاری كاتی لەسەر كاندیدیان هەڵگیرا، ئەوكات پارتی بڕیاری خۆی دەدات لەناو هۆڵی پەرلەمان بۆ دانوستان و دەمانبینن.