
لە دوەمین رۆژی كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەجیا لەگەڵ دوو شاندی ئەمریكا كۆبونەوە.
سەرۆك و سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ شاندێكی باڵای كۆنگرێسی ئەمەریكا كۆبوونەوە
بەپێی راگەیەنراوێك، لەكۆبونەوەیەكدا نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ شاندێكی باڵای كۆنگرێسمانەكانی ئەمریكا بە سەرۆكایەتی لیندسی گراهام كۆبۆوە، لە كۆبونەوەكەدا دوایین پێشهاتەكانی دۆخی سیاسی و رەوشی عیراق بەگشتی و هەوڵەكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێ و پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و ئەمریكا تاوتوێ كراوە.
تیایدا لەبارەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عیراق سەبارەت بەنایاسایی بونی نەوت و گازی هەرێمی كوردستان، باسكراوە كە ئەو بڕیارە خزمەتی سەقامگیریی دۆخی عیراق و چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ ناكات.
لەلایەكی ترەوە بەپێی هەواڵێكی كەناڵ 24، مەسرور بارزانی لەگەڵ ئیلیسا سلۆتكین و ئادەم شیف ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا كۆبۆتەوەو سەبارەت بە هەمان پرسی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی دوپاتكراوەتەوە كە بڕیارەكە بەلای هەرێمی كوردستانەوە قبوڵكراو نییەو هەرێمی كوردستان بەهەموو شێوەیەك داكۆكی لەمافە دەستورییەكانی دەكات.


