پیاوێكی هیندی بەهۆی هاوسەرگیری كردن لەگەڵ 18 ژن لە سەرتاسەری ئەو وڵاتە و فێڵ كردن لێیان دەستگیر كرا و بۆ رازی كردنی ژنەكانیش خۆی وەك پزیشك ناساندووە.
پۆلیسی هیندستان بڵاویكردووەتەوە، پیاوەكە تەمەنی 67 ساڵە و لە تۆڕەكانی تایبەت بە گەڕان بۆ هاوسەرگیری تەمەنی خۆی كردووە بە 51 ساڵ و وەك پزیشك خۆی ناساندووە و وتویەتی كە موچەیەكی زۆری هەیە، هەروەها وتار و ناسنامە و چەندین بابەتی تری ساختەی بەكارهێناوە تاوەكو بڕوا بە ژنەكان بهێنێت، مەبەستی سەرەكی بەدەستهێنانی پارە بووە لەو ژنانە.
سەرچاوەكانی هەواڵی هیندستان باسیان لەوە كردووە، پیاوەكە كە ناوی “بیبۆ براكاش سوین”ە دوای چەند مانگێك لە شوێنكەوتنی دەستگیر كراوە، ئەو كەسە بە ئاسانی توانیویەتی باوەڕ بەو ژنانە بهێنێت و ئەوانەی شویان نەكردووە و ئەوانەی جیابوونەتەوە یاخود هاوسەرەكەیان لەدەستداوە كردووەتە ئامانج، بەتایبەتی ئەوانەی كار و پیشەیان هەبووە و دوای چەند رۆژێك هاوسەرگیری لەگەڵ كردوون.
بەپێی زانیاریەكان، سوین دواتر حاڵەتی لەناكاوی كردووە بە بەهانە و خشڵ و پارەی ژنەكانی بردووە و دواتر خۆی حەشارداوە و بەدوای ژنێكی تردا گەڕاوە، تاوەكو ئێستاش هاوسەرگیری لەگەڵ 18 ژندا كردووە.