
سادق عەتیە شارەزای كەشناسی عیراقی دەڵێت، لە سەرەتای مانگی داهاتوو سەرما دەگەڕێتەوە و پلەكانی گەرما دادەبەزن كە بەو دیاردەش دەوترێت “سەرمای پیر” و كۆتا شەپۆلی سەرمای زستانە.
سادق عەتیە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاویكردووەتەوە، لە رۆژانی سەرەتای مانگی داهاتوو بایەكی بەهێز چالاك دەبێت و سەرما دەست پێ دەكاتەوە، لەكاتێكدا كە خەڵك پێیان وایە زستان كۆتایی هات و بارگەی پێچاوەتەوە بەڵام بەبێ ئاگاداركردنەوە شەپۆلێكی سەرما دێت.
رونیشیكردووەتەوە، لە عیراق بەو شەپۆلە دەوترێت “سەرمای پیر” و لەناو وڵاتانی تری عەرەبی چەند ناوێكی تری هەیە و لەلای جوتیاران بە “سەرمان شولە” ناودەبرێت، كە شولە یەكێكە لە ئەستێرەكانی هەسارەی دوپشك.
ئەو شارەزا كەشناسییە باسی لەوەش كردووە، ئەوەش كۆتا سەرمای زستانە و بەشێوەیەكی سروشتی دوای بەرزبونەوەی پلەكانی گەرما دێت، بەڵام بەرزبونەوەیەكی كاتی و هەڵخڵەتێنەرە، هەندێك پێیان وایە كە سەرما كۆتایی هات بەڵام دوبارە هێرش دەكاتەوە، ئەوەش بایەكی ساردی باكوریی خۆرئاوایی یاخود باكوری رۆژهەڵاتی لەگەڵە، ئەو شەپۆلە لە 26ی شوبات تاوەكو 3ی ئادارە، بەڵام بەهۆی گۆڕانكاری كەشوهەوای جیهانی ئەمساڵ چەند رۆژێك دوادەكەوێت.
