
ستران عەبدوڵڵا ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەڵێت، پێویست ناكات خەڵك لە هەڵگیرسانەوەی شەڕی ناوخۆ بترسێت بەهۆی ناكۆكییەكانیانەوە لەگەڵ پارتی و رێگەنادەن جارێكی تر ناكۆكییەكان سەربكێشێت بۆ شەڕ.
ستران عەبدوڵڵا بە دەنگی ئەمریكای وتووە، لەكاتێكدا هەندێك لایەن وانیشانی دەدەن گوایە ناكۆكیەكان سەردەكێشێت بۆ شەڕی ناوخۆ، یەكێتی ناهێڵێت جارێكی دیكە شەڕی ناوخۆ سەرهەڵبداتەوە، نەك تەنها یەكێتی تێكۆشەران و هەموو لایەنەكان قەبوڵ ناكەن ململانێی سیاسی سەربكێشێت بۆ شەڕ و ئاژاوە، بۆیە ئیدارەدانی سیاسی ناكۆكیەكان پێویستە.
ئاماژەی بەوەشداوە، پێویست ناكات خەڵك لە هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ بترسێت، دەبێت رێگە بەبیروڕای جیاواز بدرێت، دەبێت گەشەی دیموكراسی ببێتە ئەنجامی ناكۆكیە سیاسیەكان.
ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی پێشی وایە، كارێكی خراپە گەر ناكۆكیە سیاسیەكان چارەسەر نەكرێن، كارێكی باشیش نییە ئەم ناكۆكیانە بۆ بەزۆر سەپاندنی ویستەكانمان و ئیفلیج كردنی پرۆسەی سیاسی بەكاربهێنین.
