
خۆپیشاندانی كارمەندانی خۆبەخشی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی بەردەوامە و جەخت لەوە دەكەنەوە، چیتر نابنە قوربانی دەستی سیاسەت و ناوچەگەری و پێویستە دابمەزرێنرێن.
ئەمڕۆ دووشەممە، ژمارەیەك لە كارمەندانی خۆبەخشتی تەندروستی سلێمانی جارێكی تر گردبوونەوەیەكی ناڕەزاییان دەستپێكرد و نوێنەرانی ئەو كارمەندانە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتیان، پارە بۆ چەندین كۆنفرانس و كاری بێسود خەرج دەكرێت، بەڵام بۆ ئەوان نییە.
ئاماژەیان بەوەشدا، پێویستە كارمەندانی خۆبەخشی تەندروستی دابمەزرێندرێن و ئەم ناڕەزایەتیەش گۆڕانكاری دروستكردووە و لەنێو وەزارەتی تەندروستی دەنگی ناڕەزایەتی بەرز بووەتەوە، رەخنەی توندیش لە ئەندامانی پەرلەمان دەگرن كە ئامادەی ناڕەزایی دەربڕین نەبوون و بەرگری لە كەیسەكەیان ناكەن، داواش دەكەن كە هەموو لایەك پشتیوانیان بكەن و ئەم شەڕەش تەنها بۆ سلێمانی نییە، بەڵكو بۆ هەموو ناوچەكانە.
كارمەندانی تەندروستی سلێمانی جەختیان لەوە كردووەتەوە، چیتر نابنە قوربانی دەستی سیاسەت و ناوچەگەری و پێویستە دامەزراندن بە دادپەروەرانە بێت.

