لەیەکەم هەڵویستی دژی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی بە رەتکردنەوەی پرۆژە یاسای ئاسایشی خۆراک، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، ئەوە لەمپەڕ دروستکردنە لەبەردەم حکومەت بۆ راییکردنی کاروبارەکانی رۆژانە.
ئەمشەو، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە،” جەختدەکەینەوە، کە حکومەتی عێراق رێزی تەواو لە دەق و وادە دەستوریەکان و یاسا پابەندکارەکان و ئەو فەتوایانەی لە دادگای باڵای فیدڕاڵییەوە لە شیکردنەوەی دەقەکان دەگرێت”.
رونیشیکردوەتەوە،” حکومەتی ئێستا، حکومەتی کاربەڕێکەرە بە گوێرەی دەستور، لەپێشتردا پرۆژە یاسای، هاوکاری بەپەلە بۆ ئاسایشی خۆراک و گەشەپێدان، بەمەبەستی چارەسەرکردنی ئاڵنگارییە ئابوریەکان کە بەرزبونەوەی نرخەکان لە جیهاندا سەپاندویەتی و مسۆگەرکردنی ئاسایشی خۆراک و دابینکردنی سەبەتەی خۆراک جگە لەوە هاوکاریکردنی کەرتی کارەبا لەگەڵ نزیکبونەوەی وەرزی هاوین بۆ ئەوەی رێگری بکەین لە دروستبونی هەر قەیرانێکی کارەبا لە هەمو عێراق پێشکەشی ئەنجومەنی نوێنەرانمان کردوە”.
ئاماژەی بەوەشکردوە،” لە ناوەڕۆکی پرۆژە یاساکەدا چاودێری کۆمەڵایەتی و پاراستنی چینی هەژاران و لابردنی کاریگەری بەرزبونەوەی نرخەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و دابینکردنی هەلی کار و دابینکردنی پارە بۆ کەرتی کشتوکاڵ و رەفتارکردن لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا هەیە، کە بەبێ بەدیهێنانیان لەمپەڕ بۆ کارەکانی ئەو حکومەتە دروست دەبێت کەکاری رۆژانەی هاوڵاتیان بەڕێوەدەبات”.
جەختیلەوەشکردوەتەوە،” هەمومان لەژێر بەرپرسیارێتیداین، بۆ چارەسەرەی کاریگەرییەکانی ئەو ئالنگاریانەی روبەڕوی وڵاتەکەمان دەبێتەوە، بەتایبەت لە ئێستادا کە کاتێکی هەستیارە لە ناوخۆ و دەرەوەشدا.