ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایدەگەیەنێت، بۆردومانی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان بەچاوساغی هێزی ناوخۆی هەرێمی كوردستان دەكرێت.
سۆران عومەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بڵاویكردووەتەوە، بۆردومانی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان لە كەمپی ئاوارەكانی مەخمورو ناحیەی ئاغجەلەر و پێشتر لە چیای ئەزمڕ و گەڵاڵەو شارباژێڕ و ناوچەكانی دهۆك و بادینان بە بەهانەی پەكەكە ئەنجامدانی تیرۆری سیاسی و كۆمەڵكوژی مەدەنییە كە لەلایەن توركیاوە ئەنجام دەدرێت.
وتوشیەتی: ئەو تیرۆرە بەچاوساغی هێزی ناوخۆی هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێت، بێدەنگی هەرێمی كوردستان و عیراق ئاماژەی رێكەوتنی نهێنی نێوانیانە بۆ ئەم بۆردومان و تیرۆرانە كە هاوڵاتی مەدەنی تێیدا كراوەتە ئامانج و دودڵی و ترسێكی زۆری لەناوچەكەدا دروستكردوە، ناكرێت ئاسمان و سنورەكانی عیراق و هەرێم واڵا بێت بۆ وڵاتانی دراوسێ و تاوانی دەرهەق بەخەڵكی كوردستان و عیراق تیایدا ئەنجام بدەن.