سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە گفتوگۆیەکدا لە دیداری یەکێتی لەسەر چەند بابەتێک قسە دەکات و رایدەگەیەنێت دەیانەوێت و گۆڕانکاری لە یاسای ھەڵبژردن بکەن تاوەکو باڵانسی ھێز راستبکەنەوە و ئاشکراشیکرد بۆ ھەڵبژردنی داھاتوو کاندیدیان بۆ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەبێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە گفتوگۆیەکدا لە دیداری یەکێتی رایگەیاند، دیداری یەکێتی دەبێتە تەواو کەری کۆنگرەی چوار، چونکە ماوەیەکی زۆر بوو کۆنگرە نەکرابوو، نەدەتوانرا بە کۆنگرەیەک سەرجەم کێشەکان چارەسەر بکرێت بۆیە پێویستمان بەم دیداریە ھەیە و با یەکێتی بکەینەوە بە کێتییەکەی سەرۆک مام جەلال.
لەبارەی ھەڵبژارنی کوردستانەوە وتی، وەکی یەکێتی سیاسەتی خۆمان ھەیە و پاشکۆی ھیچ حزب و وڵاتێک نابین و لەگەڵ حزبەکان قسەمان کردووە و زۆربەی حزبەکان ھەمان رای ئێمەیان ھەیە و داواشیان لێدەکەم با بەیەکەوە کار بکەین تا لە ھەڵبژاردنی داھاتوو گۆڕانکارییەکی راستەقینە بکەین لە حکومڕانی کوردستان.
سەبارەت بە کۆبوونەوەی نوێنەری یۆنامی لەگەڵ حزبە کوردییەکان لە ھەولێر رایگەیاند، ئەوەی من تێگەشتم نەتەوە یەکگرتووەکان بە بیانووی بابەتی ھەڵبژاردن ئێمەیان کۆکردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە کۆمسیۆن و بازنەکانی ھەڵبژاردن و دابەشکردنی کورسییەکان و کەمینەکان کرا، ئەمە دواین کۆبوونەوە نابێت و پێشنیاز کراوە لە نۆی مانگی داھاتوو دانیشتنێکی تر بکەین و ئامانجی ئێمە ئەوەیە بۆچوونەکان نزیک بکەینەوە لە یەکتر تا بتوانین گۆڕانکارییەکی جدی بکەین لە یاسای ھەڵبژاردن و ھەڵبژاردنێک بکرێت بتوانین باڵانسی ھێز لە کوردستان راستبکەینەوە.
لەبارەی کۆبوونەوەکان لە بەغداد و ھەوڵەکان بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێ، ئاماژەی بەوەکرد، حزبێکی کوردی لە بەغداد رێککەوتنێکی کردبوو، ئێمە درەنگ ئاگامان لێبوو، بەڵام دەمان توانی بەشداری ئەو رێککەوتنە بکەین، بەڵام نەمان کرد، چونکە وەکو یەکێتی پێمان وایە ھەڵەیەکی سترایژییە ببینە بەشێک لە کێشەی ناوخۆی شیعە یان سوننە، لە ھەمانکاتدا ئەو رێککەوتنە ھیچی تێدانەبوو بۆ کوردستان باش بێت، بۆیە پێویست وەک سەرۆک مام جەلال سیاسەت بکەین و ناکۆکییەکان چارەسەر بکەین نەک زیاتریان بکەین، سەرۆک مام جەلال لە ژیاندا بووایە نەدەگەیشتینە قۆناغی ئێستا.
لەبارەی کوردانی پارچەکانی تری کوردستانەوە رایگەیاند، وەکو یەکێتی ئامادەین یارمەتی کوردانی ھەر چوارپارچەی کوردستان بین و سیاسەتەکەمان بگۆڕین و خۆمان لە عەقڵیەتی زۆن رزگار بکەین و ٤٥ ملیۆن کورد ھەیە دەبێت خۆمان بکەین بە خاوەنیان.
سەبارەت بە ھەناردەکردنی غازی سروستی کوردستان سەرۆکی یەکێتی تەئیکدیکردەوە، رازی نیم لە سیاسەتی نەوت لە کوردستان، چونکە لە نیوە زیاتری داھاتی نەوت دەڕوات بۆ کۆمپانیاکانی نەوت، ئێمە نەوت بۆ ئەوە دەردەھێنین کۆمپانیاکانی پێ دەوڵەمەند بکەن یان خزمەتی خەڵکی خۆمانی پێبکەین، لە ئێستادا بەس غاز ماوە، دژی ئەوە نین غازی سروشتی ھەناردە بکرێت بەو مەرجەی لە بەرژەوەندی خەڵک بێت.
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاشکراشیکرد، یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ ھەڵبژرادنی داھاتوو کاندیدی دەبێت بۆ سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و ئامانجی ئێمە ئەوەیە ببین بە حزبی یەکەم و گۆڕانکارییەکی جدی بکەین لە کوردستان و ھەوڵی تەواو دەدەین بۆ ئەو پۆستانە.
لە وەڵامی ئەو پرسیاری ئایا یەکێتی دەگەڕێتەوە بۆ پێش ھەشتی تەموز وتی، لەناو مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی ھیچ کاتێک وەکو ئێستا یەکریزی نەبووین، بەڵام رای جیاواز ھەیە ئەوەیە کێتی دەوڵەمەند کردووە و بۆ پێشەوە دەڕۆین و ھیچ کاتێک ناگەڕێینەوە بۆ دواوە بە تایبەتی پێش ھەشتی تەمووز.