
ئەمڕۆ یەکشەممە جوڵانەوەی هۆشیاری نیشتیمانی “حركة وعي الوطنية” کە حزبێکی نوێی عێراقە و مانگی ئەیلولی ساڵی رابردو راگەیەنراوە، دژی دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت و دروستبونی بۆشایی دەستوریی، سکاڵای یاسایی دژی پەرلەمان لە دادگای فیدڕاڵی کرد و داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەم خولەی پەرلەمان دەکات.
سەڵاح عەرباوی، سەرۆکی جوڵانەوەی هۆشیاری نیشتیمانی “حركة وعي الوطنية” لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر نوسیویەتی، ئەمڕۆ حزبەکەیان و ژمارەیەک چالاکوانی دیکەی عێراق دژی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق و دروستبونی بۆشایی دەستوریی، سکاڵایەکی یاسایی لە دادگای فیدڕاڵی تۆمارکردوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، لە سکاڵاکەدا داواشیان کردوە سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران وادەیەکی دیکەی نوێ بۆ هەڵبژاردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمان لە ساڵی 2022دا دیاری بکەن.
ئەوەش لەکاتێکدایە زیاتر لە حەوت مانگ بەسەر هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق تێپەڕیوە و تائێستاش بەهۆی ناکۆکی نێوان لایەنەکان، پەرلەمان نەیتوانیوە سەرۆک کۆمار هەڵبژێرێت و متمانە بە حکومەتی نوێ بدات.


