فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێم بڵاویكردەوە ، بە گوێرەی راگەیەندراوێكی ئەنجومەنی دادوەری، دادگای فیدراڵی نادەستوورییە و دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و غازی هەرێمی كوردستانی نییە.
بەپێی راگەیەندراوێكی ئەنجومەنەكە، كردارەكانی حكومەتی هەرێم سەبارەت بە پرۆسەی پەیوەندیدار بە نەوت و غاز لەگەڵ دەستوری عیراقی ساڵی 2005 گونجاوە و حوكمەكانی یاسای نەوت و غازی ژمارە 22ی ساڵی 2007 كە لە پەرلەمانی كوردستان دەرچووە پێچەوانەی حوكمەكانی دەستور نییە.
ئەوەش هاتووە، پڕۆسەكانی گەڕان و بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی نەوت و غاز وەك تایبەتمەندییە حەسرییەكانی دەسەڵاتە فیدراڵییەكان دەستنیشان نەكراوە وەك لە ماددەی 110ی دەستووری عیراقدا هاتووە، بۆیە دەقەكانی یاسای نەوت و غاز بەركار دەمێننەوە.
ئەنجومەنی دادوەری جەختی لەوەش كردووەتەوە، بە گوێرەی ماددەی 112ی دەستوری عیراق، حكومەتی فیدراڵی نەوت و غازی دەرهێنراو لە كێڵگەكانی ئێستا لەگەڵ حكومەتەكانی هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەرەكان بەڕێوەدەبات و دابەشكردنی داهاتەكەشی بەشێوەیەكی دادپەروەرانە دابەشی سەر دانیشتووان دەكرێت لەگەڵ دیاریكردنی پشكێك بۆ ئەو هەرێمە زیانلێكەوتووانەی كە لەلایەن رژێمی پێشوو بێبەش كراون.