
كەریم شكور ئەندامی پەرلەمانی عیراق ئاشكرای دەكات، بڕینی 200 ملیار دینارەكەی هەرێم لەلایەن بەغداوە پێشبینیكراوە و هەنگاوی دیكەش دژی هەرێم دەگیرێتەبەر.
كەریم شكور جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عیراق بە دەنگی ئەمەریكای راگەیاندووە، گەر هەرێم لەبارەی بڕیارەكانی دادگەی فیدراڵییەوە سەبارەت نەوت و غاز هەوڵ نەدات بە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا چارەسەریان بكات، هەرێم تووشی گرفتی گەورە دەكات، بەوپێیەی بڕیارەكانی دادگەی فیدراڵی بڕیاری كۆتایین.
وتوشیەتی، ئێمە هەرێمێكین لە چوارچێوەی عیراقی فیدراڵدا و رەنگە رەخنە لە هەندێك لە یاساكانمان بگیرێت بەوەی لەگەڵ یاساكانی عیراقدا یەكناگرێتەوە، بۆیە گفتوگۆ باشترین چارەسەرە و دەبێت هەوڵ بدەین بە توندی مامەڵە نەكەین.
بەپێی وتەكانی ئەو پەرلەمانتارە، بڕینی 200 ملیار دیناری مانگانەی هەرێم لەلایەن عیراقەوە پێشبینیكراوە و رەنگە میكانیزمی دیكەش دژی هەرێم بەكاربهێنن، گەر عیراق هێزیش بە كارنەهێنێت سبەینێ، ئەو بڕیارانەی دادگا تاوەكو چەندین ساڵی تر هەرێم دەكەن بە ژێر قەرزەوە، سەبارەت بە بەكارهێنانی هێزیش ئێمە لە 16 ی ئۆكتۆبەر پێمانوابوو عیراق ناتوانێت هێز بەكاربهێنێت، هێزیشی بەكارهێنا و كەسیش هیچی نەوت، عیراق دەوڵەتە و ئێمە بەشێكین لەو دەوڵەتە دەبێت بەپێی دەستور كێشەكانمان چارەسەر بكەین.


