بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، داوای قەدەغەكردنی سەوزە لە هەموو چێشتخانە و شوێنە گشتییەكان دەكات بەمەبەستی رێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی پەتای سكچوون و رشانەوە.
لە نووسراوێكی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی كە ئاراستەی قایمقامیەتی ناوەندی سلێمانی كردووە تێیدا هاتووە، داوا دەكەن ئاگاداری لایەنە پەیوەندیدارەكان بكەنەوە كە بەكارهێنانی سەوزە لە هەموو چێشتخانە و شوێنە گشتییەكان و دەستگێڕەكان قەدەغە بكرێت تاوەكو ئەوكاتەش كۆنترۆڵی پەتای سكچوون دەكرێت.
لە راگەیەندراوەكەشدا هاتووە، قەدەغەكردنی سەوزە لەپێناو بەرژەوەندی گشتی تەندروستی هاوڵاتیان و رێگریكردنە لە بڵاوبوونەوەی پەتای سكچوون و رشانەوەیە لە شارەكەدا.
ماوەی چەند رۆژێكە پەتای سكچوون و رشانەوە لە شاری سلێمانی بڵاوبووەتەوە و ژمارەیەكی زۆر هاوڵاتی بەتایبەتی منداڵان تووشی بوون، رۆژی چوارشەممەش بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، كە گومانی ئەوەیان هەیە پەتای “كۆلێرا” بێت.