سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق رایگەیاند، دادگای فیدڕاڵی لەکارەکانی خۆیدا بە تەواوی سەربەخۆیە و بەگوێرەی دەستوریش بڕیارەکانی پابەندکارین بۆ هەمو لایەنەکان، بۆیە باوەڕی وایە نابێت هیچ لایەنێک سەرپێچی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی بکات، بەپێچەوانەوە بە پێشێلکردنی دەستور و یاساکان تۆمەتبار دەکرێت.
فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە لە چاوپێککەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی سەباح باسی لەوەشکردوە، دادگای فیدڕاڵی عێراق بەشێکە لە دەسەڵاتی دادوەری و کارەکانی بەشێوەیەکی سەربەخۆ دەکات کە بە تەواوی جیاوازە لە کاروباری حکومەت، بەڵگەشی ئەوەیە کە هەندێک بڕیاری دادوەری دژی خواستی حکومەت بون، “بەڵام سەبارەت بە دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان کە پرسێکی جێگەی مشتومڕبو، دادگای فیدڕاڵی دۆسییەکەی لە بەرژەوەندی وەزارەتی نەوت یەکلایی کردەوە، هۆکارەکەشی ئەوەبو کە وەزارەتی نەوت لایەنی سکاڵاکار بوە وەک هەر دۆسییەکی دیکە و بەڵگەکانی خۆی پێشکەش کردوە، دادگاکە مافی مامەڵەکردن بە سامانی سروشتی بە گوێرەی دەستوریی، بۆ حکومەتی فیدڕاڵی گەڕاندوەتەوە”.
ئاماژەی بەوەشکردوە، لە دوای بەدواداچونی دۆسییەکە، دەرکەوتوە کە وەزارەتی نەوتی عێراق بە پێی دەستور مافی ئەو داوایەی هەیە کە دژی یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستان تۆماریکردوە، دادگای باڵای فیدرالیش لە بەرژەوەندی وەزارەتی نەوت بڕیارەکەی یەکلاکردەوە.
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق ئەوەشی خستوەتەڕو، دەکرێت لەرێگەی هەموارکردنەوەی هەندێک برگەی دەستورەوە چارەسەر بۆ بەشێک لە کێشەی وادە دەستورییەکان بکرێت کە هەمو کاتێک لەگەڵ هەڵبژاردن و پێکهێنانی حکومەتی نوێ روبەڕوی دەبنەوە، بەڵام لە هەمو دۆخ و دەستورێکی نوێشدا دادگاکان بە سەربەخۆیی دەمێننەوە و دەسەڵاتی دادوەری عێراق نابێتە بەشێک لە ناکۆکی نێوان لایەنەکان.