
یاسین حەمەعەلی سەرپەرشتیاری ژوری هەڵبژاردنی گۆڕان وەڵامی هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان دەداتەوە و دەڵێت، خۆت یەكێكیت لە هۆكارەكانی ئەم دۆخە و روویەكی دەوێت بڵێیت دواخستنی هەڵبژاردن عەیبەیەكی گەورەیە.
یاسین حەمەعەلی لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە، بارودۆخی سیاسی گەیشتوەتە ئاستێك كە هیچ لایەنێك و بە دیاریكراویش هاوڵاتیان لێی رازی نین، لە دۆخێكی ئاوهادا ئەوپەڕی چاونەترسییە هەق بدەیت بە خۆت و موزایەدە بكەیت بەسەر هاوڵاتیاندا، ئاستی هۆشیاری هاوڵاتیان گەیشتوەتە ئاستێك كە نابنە كڕیاری ئەم موزایەدانە.
رونیشیكردووەتەوە، لەكاتێكدا كە خۆت یەكێك بیت لە سەبەبكارەكانی ئەم دۆخەو پەكخستنی پرۆسەی دیموكراسی، رویەكی دەوێت بێیت و بڵێیت دواخستنی هەڵبژاردن عەیبەیەكی گەورەیە.
ئەمەش دوای ئەوەدێت، رۆژی شەممە هێمن هەورامی بە رۆژنامەنوسانی وت، لێكنزیكبوونەوەیەكی سیاسی لەو شێوەیە كە بتوانرێت هەڵبژاردن لە 1ی 10دا بكرێت نەهاتووەتە ئاراوە، بۆیە بەداخەوە عەیبەیەكی گەورەیە بۆ هەموو حزبە سیاسییەكان و فراكسیۆنەكان و خەڵكی كودستان كە نەتوانرێت هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا بكرێت.

