
وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا ئاگادار دەكرێنەوە لە شەپۆلێكی نوێی كۆچبەران، ئەوەش بەهۆی قەیرانی خۆراك و بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی لە جیهان، یەكێتییەكەش بەڵێن دەدات كە پلانی تۆكمە دادەنێن بۆ رێگری كردن لەو شەپۆلە.
لەو بارەیەوە ئیلڤا یۆهانسۆن كۆمسیاری كاروباری ناوخۆی یەكێتی ئەوروپا رایگەیاند، خەڵك لە وڵاتەكانیان هەست بە دڵنیایی ناكەن، بۆیە هەوڵ دەدەن وڵاتەكانیان جێبهێڵن.
هێمای بۆ ئەوەش كردووە، بەرزبوونەوەی نرخی وزە و خۆراك دەبێتە مایەی ناسەقامگیری لە وڵاتانی تر و رەنگە تەوژمێكی تری تیرۆر و تاوانی رێكخراو دەستپێبكات.
ئەو بەرپرسەی یەكێتی ئەوروپا رونیشیكردووەتەوە، كەس ناتوانێت پێشبینی ئەو دیاردەیە بكات بەڵام ئەوان لەسەر دوو ئاراستە كاردەكەن، بۆیە حكومەتەكانی وڵاتانی ئەندام بانگهێشت دەكەن بۆ دانانی پلانی تۆكمە لە حاڵەتی هاتنی كەسانی زیاتر بۆ نێو خاكی وڵاتانی ئەوروپا، هەوڵ دەدەن رێگە لەوە بگرن لەو پێناوەشدا گرنگە لەگەڵ هاوبەشەكانیاندا كاربكەن.


