
ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراق ئاشكرای كرد، گروپێك دەستگیر كراون كە سەرۆكەكەیان ژنێك بووە و 250 مامەڵەی بازرگانی كردنیان بە ئەندامانی جەستەی مرۆڤەوە ئەنجامداوە.
ئەنجومەنەكە بڵاویكردووەتەوە، لە ساڵی 2017 گروپێك پێكهێنراوە كە ژنێك سەرپەرشتی كردوون و لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان ئەكاونتیان دروست كردووە بە مەبەستی بازرگانی كردن بە ئەندامانی جەستەی مرۆڤەوە.
رونیشكراوەتەوە، لەو ئەكاونتانە ریكلام بۆ ئەو كەسانە كراوە كە دەیانەوێت ئەندامانی جەستەی خۆیان بفرۆشن بەرامبەر بڕێكی زۆر پارە، زۆرینەی مامەڵەكانیش فرۆشتنی گورچیلە بووە.
ئەنجومەنی باڵای دادوەریی جەختی لەوەش كردووەتەوە، لە ناوچەی زەیونە بۆسەیەك بۆ ئەو گروپە دانراوە و دەستگیر كراون كە خزمی یەك بوون، دانیشیان ناوە بە سەرجەم ئەو كارانەی كردوویانە، نرخی هەر گورچیلەیەك لەنێوان 12 بۆ 21 ملیۆن دینار بووە و گروپەكەش وەك نێوەندگیر لەنێوان كڕیار و فرۆشیار كاریان كردووە و بۆ هەر مامەڵەیەكیش 500 هەزار بۆ یەك ملیۆن دیناریان وەرگرتووە.

