
دارا جەلیل خەیات سەرۆكی یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان دەڵێت، بەهیچ شێوەیەك مەبەستی لە قسەكانی پێشوو ئەوە نەبووە كە نابێت عیراق داوای ئاو لە توركیا بكات.
دارا جەلیل خەیات لە رونكردنەوەیەكدا سەبارەت بە قسەكانی پێشووی لەگەڵا دەنگی ئەمریكا وتویەتی، سەبارەت بەو رستەیەی كە بڵاوكراوەتەوە گوایە وتیەتی با داوای ئاویش لە توركیا نەكەین بە هیچ شێوەیەك مەبەستی ئەوەی نەبووە كە دەبێت عیراق داوای ئاو لە توركیا نەكات.
ئاماژەی بەوەشداوە، بەڵكو وەكو نمونەیەك ئەو باسەی كردووە لای وابووە نابێت كێشە سیاسیەكان تێكەڵ بە كاری بازرگانی بكرێن، چونكە كاری بازرگانی راستەوخۆ پەیوەندی بە ژیانی رۆژانەی هاوڵاتیانی عیراق و هەرێمی كوردستانەوە هەیە.
ئەمەش دوای ئەوەدێت، پێشتر سەرۆكی یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم لە دیدارێكدا وتبووی، بە هیچ شێوەیەك پشتگیری بابەتی وەستاندنی بازرگانی لەگەڵ توركیا ناكەن، زۆرێك لە وڵاتان هەیە عیراق پەیوەندی سیاسی لەگەڵیان باش نەبووە بەڵام كاری بازرگانی ئەنجام داوە، بۆ نموونە سعودیە و كوەیت لە رێگای ئوردن و سوریا كە پێشتر پەیوەندیەكی ئەوها پتەو نەبووە بەڵام كاری بازرگانی هەبووە، ئەگەر وابێت دەبووایە ئاویش لە توركیاوە داوا نەكەن.

