
شنۆ ئەشقی ئەندامی لیژنەی تەندروستی و ژینگە و مافی بەكاربەر لە پەرلەمانی كوردستان هۆشداری دەدات لەوەی، ژمارەی توشبوون بە شێرپەنجە لە ئاستێكی مەترسیداردایە و ئاسایشی خۆراك لە ئاستێكی زۆر خراپدایە.
شنۆ ئەشقی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نوسیویەتی، ماوەی 9 ساڵە ئامێری پشكنینی پێكهاتەی شێرپەنجەیی و پێكهاتە پارێزەرەكان لە كواڵێتی كۆنترۆڵی جۆری خۆراك لەكار كەوتووە و بە بیانووی بێبنەما چاك ناكرێتەوە، یاسای مافی بەكار بەر لەپەرلەمانی كوردستان دەرچووە و چەندین ساڵە كاری پێناكرێ.
رونیشیكردووەتەوە، ژمارەی توشبوون بەنەخۆشی شێرپەنجە بۆ ئاستێكی مەترسیدار بەرزبووەتەوە، بازاڕەكانی سەرجەم شارو شارۆچكەكانی هەرێم پڕن لە خۆراكی تەزویر و تەقلید و قاچاغ، كاتێك لەلایەن لیژنەكانی قایمقامیەت و بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی دەستی بەسەردا دەگیرێ دادگا بەهیچ جۆرێك كەیسەكانیان یەكلایی ناكاتەوە.
ئەو پەرلەمانتارە هێمای بۆ ئەوەش كردووە، بڕوام وایە ئاسایشی خۆراك لەئاستێكی زۆر خراپدایە و بۆ ئەم مەبەستەش بۆ جاری چوارەم پێشنیاری كرد لیژنەی تەندروستی و ژینگە و مافی بەكاربەر بانگهێشتی وەزیری بازرگانی بكات و رونكردنەوەی پێویست بدات لەم بارەیەوە، بەڵام تەواوی ئەندامانی لیژنە رەتیان كردەوە كە وەزیری بازرگانی بانگهێشت بكرێت و ئاسایشی خۆراك هیچ گرفتێكی ئەوتۆی نیە!!!

