سیراج بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی گشتی راژەی هەرێم رایگەیاند، دۆسیەی سەرجەم فەرمانبەران بە ئەلیكترۆنی دەكرێت، ئەو هەنگاوەش فەرمانبەری بندیوار و شایستە لێك جیا دەكرێتەوەو رۆڵی لە پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەراندا دەبێت.
سیراج بارزانی بە میدیاكانی پارتی وتووە، یەكێك لە پێشینەی كارەكانیان لە ئەنجومەنی گشتی راژە بە ئەلیكترۆنی كردنی دۆسیەی فەرمانبەرانە، ئەو كارەش بۆ شەفافكردن و ئاشكراكردنی ناڕێكییە كارگێڕییەكانە، بەو هەنگاوەش فەرمانبەری بندیوار و فەرمانبەری شایستە لێك جیا دەكرێنەوە.
رونیشیكردەوە، بەپێی سیستەمی بایۆمەتری 426 هەزار فەرمانبەری شارستانی هەیە، لە پرۆسەكەدا هەر فەرمانبەرێك شوێنی تایبەتی خۆی هەیە، زانیاریی زیاتریش لەو دۆسیە ئەلیكترۆنییە تۆمار دەكرێت، بەپێی ئەو زانیارییانە دەتوانن فەرمانبەری زیادە میلاك و فەرمانبەری راستەقینە دەستنیشان بكەن، ئەو كارە رۆڵێكی گرنگی لە پلەبەرزكردنەوە و گواستنەوەی فەرمانبەرانیدا دەبێت.
سەرۆكی ئەنجومەنی گشتی راژەی هەرێم سەبارەت بە كارەكانی پرۆسەكە ئاشكراشیكردوە، لە تەمەنی ئەم كابینەیەدا پرۆسەی بەئەلیكترۆنیكردنی دۆسیەی فەرمانبەران تەواو دەبێت.