
دكتۆر ئازاد مستەفا بەڕێوەبەری تەندروستی هەڵەبجە دەڵێت، ماوەی چوار مانگە كرێكارانی پاككەرەوەی نەخۆشخانەكانی هەڵەبجە موچەیان وەرنەگرتووە و بەشێكیان بایكۆتیان راگەیاندووە.
دكتۆر ئازاد مستەفا بە میدیاكانی سەربە پارتی وتووە، لە 12ی نیسانەوە 163 كارمەندی پاككەرەوەیان موچەیان وەرنەگرتووە، ئەوانیش لەگەڵ داوای مافەكانیاندان، بەڵام كەس وەڵامی ئەوانیش ناداتەوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەمڕۆ رەزامەندە بۆ هەمووشیان بێتەوە پارە لە بانكدا نییە، ئەوە كارەساتە و كەرتی تەندروستی بەمشێوەیە بەڕێوەناچێت، سیولە لە بانكەكاندا نییە و رۆژانە پەیوەندی دەكەین و دەڵێن پارە نییە.
بەڕێوەبەری تەندروستیی هەڵەبجە لە بەشێكی تری قسەكانیدا وتویەتی، كەرەستەی پاككەرەوەشیان بۆ پاككردنەوەی نەخۆشخانەكان نەماوە و نەبوونی كەرەستە و كارنەكردنی بەشێكی كرێكاران كاریگەریی نەرێنی دەبێت لەسەر نەخۆش و نەخۆشخانەكان، سەرەڕای ئەوەش دەرمان كەمە و پارەیان بۆ خەرج ناكرێت كۆمپانیاكانیش ئامادەنین دەرمانیان بۆ دابین بكەن، چونكە نزیكەی یەك ملیار دینار قەرزاری ئەو كۆمپانیایانەن.

