هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان هاوشێوەی عیراق تووشی پشێوی نەبێت و نەكەوێتە بۆشایی یاساییەوە، پێویستە وادەی پەرلەمانی كوردستان درێژ بكرێتەوە.
هێمن هەورامی لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا وتی، بۆ ئەوەی وەكو عیراق نەكەوینە نێو بۆشایی یاسایی و دەستووری، دەبێت وادەی پەرلەمانی كوردستان درێژ بكرێتەوە و ئەو درێژكردنەوەیە بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن و رێككەوتنە لەسەر كاراكردنەوەی كۆمسیۆن.
بەپێی قسەكانی جێگری سەرۆكی پەرلەمان، داوایان لە فراكسیۆنەكان كردووە بۆچوونی خۆیان لەوبارەیەوە ئامادە بكەن و لایەنە سیاسییەكانیش رێكبكەون، چاوەڕێ دەكرێت لە مانگی ئەیلولدا رێككەوتن لەبارەی هەڵبژاردن بكرێت.
جەختی لەوەش كردووەتەوە، رۆژی پێنجشەممە 1ی ئەیلوولی 2022 پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە و تێیدا خوێندنەوەی یەكەم و دووەم بۆ ژمارەیەك پرۆژەیاسا دەكات كە گرنگترینیان پرۆژەیاسای ئەنجومەنی شورا و وەزارەتی پەروەردەن.