د. سۆران جەمال تاهیر وتەبێژی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان ئاشكرای كرد، لەگەڵا پارتی واژۆیان لەسەر كارنامەی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ پێكهێنانی حكومەت كردووە.
د. سۆران جەمال تاهیر بە میدیاكانی وتووە، یەكێتی بە شاندێك و پارتیش بە شاندێك دانوستانیان كردووە و دواتر هەردولا واژۆیان لەسەر كارنامەی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ پرسی پێكهێنانی حكومەتی عیراق كردووە.
رونیشیكردووەتەوە، لەناو هاوپەیمانێتییەكەدا جگە لە یەكێتیی و پارتی چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوپەیمانی سەروەری و عەزم و بزوتنەی بابلیون بەشدارن، یەكێتیش ئامادەیە بۆ قۆناغێكی نوێی گفتوگۆ بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی عیراق.
وتەبێژەكەی یەكێتی جەختی لەوەش كردووەتەوە، ژمارەیەك خاڵ و داواكاریی لایەنەكانی كورد و شیعە و سوننە لە كارنامەكەدا جێگیر كراوە و یەكێتیی و پارتی هاوڕان كە دەبێت كۆبونەوەكانی پەرلەمان دەستپێبكەنەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و راسپاردنی سەرۆكی حكومەت و پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت.