
نیكۆلای باتروشیف سكرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی روسیا هۆشداری لە شەپۆلێكی تری كۆچ لە جیهاندا دەدات كە دەبێتە هۆی قوڵتر كردنەوەی قەیرانی وزە، ئەوەش بەهۆی سزاكانی خۆرئاواوە.
باتروشیف لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە چوارچێوەی كۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی وڵاتەكەی كە ڤلادیمێر پۆتن سەرۆكی روسیا سەرپەرشتی دەكرد بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ئاڵنگاریەكان و هەڕەشە نوێكانی قەیرانی كۆچی جیهانی وتی، بەهۆی سزا ئابورییەكانی خۆرئاواوە كەسانێكی زۆر ناچار دەبن شوێنی نیشتەجێبوونیان بگۆڕن.
رونیشكردووەتەوە، سزا نامەشروعەكانی خۆرئاوا بوونەتە هۆی دابەزینی ئاستی بژێوی لە چەندین وڵاتدا، هەروەها ئاستی توانای دابینكردنی كاڵا سەرەكییەكان لەوانەش خۆراك و دەرمان دابەزیوە، ئەوەش زۆر كەس ناچار دەكات شوێنی نیشتەجێبوونیان بگۆڕن و بەوەش شەپۆلێكی تری كۆچ بەڕێوەیە.
ئەو بەرپرسەی روسیا جەختی لەوەش كردووەتەوە، بەپێی ئامارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان زیاتر لە 280 ملیۆن كۆچبەر لە جیهاندا هەیە، ئەو ژمارەیەش ساڵانە رووی لە زیادبوونە.


