لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق دەڵێت، گۆڕانكاری ژینگەیی مەترسییەكی جیهانییە و عیراق یەكێكە لەو دەوڵەتانەی كاریگەری گەورەی گۆڕانكاری ژینگەیی لەسەرە.
لەتیف رەشید لە وتەیەكدا لە 27ەمین كۆنفرانسی نەتەوە یەكگرتووەكان لەبارەی كەشوهەواوە كە لە میسر بەڕێوەدەچێت وتی، عیراق روبەڕووی ئاڵنگاریەك بووەتەوە كە مەلەفی ئاوە، داوا لە دەوڵەتانی دراوسێ دەكات هاوكاربن لەو مەلەفەدا، هەروەها بەهۆی كەمی بارانبارینەوە قەیرانەكان زیادیان كردووە.
رونیشیكردووەتەوە، قەیرانی ئاو لە عیراق دەسەڵاتدارانی ناچار كردووە كە پانتایی زەوییە كشتوكاڵیەكان كەمبكەنەوە، كێشەی كەمی ئاو بە بیابانبوونی زیاد كردووە و 40%ی خاكی عیراق مەترسی لەسەرە.
سەرۆك كۆمار جەختی لەوەش كردووەتەوە، عیراق یەكێكە لە گەورەترین دەوڵەتە زیانلێكەوتووەكانی قەتیسبوونی گەرما، حكومەتی عیراق جدییە لە مامەڵەكردن لەگەڵ سیاسەتی ئاویی، گرنگە دەوڵەتان شارەزاییەكانیان لەبارەی مەلەفی كەشوهەواوە لەگەڵ یەكتردا هاوبەش بكەن، عیراق كار بۆ زیادكردنی پانتایی سەوز لە وڵاتەكەیدا دەكات.