واژۆ
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیامێكی پیرۆزبایی بەبۆنەی ساڵی نوێی زایینیەوە راگەیاند.
لەبەشێكی پەیامەكەیدا نیچیرڤان بارزانی رایگەیاندوە، ساڵی تازەی زایینی لەخانەوادەی سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە قارەمانەكان و هێزە ئەمنییەكان لە تەواوی گەلی كوردستان و عیراق و جیهان پیرۆز دەكەم، ئومێدەوارم ساڵی بەدیهاتنی هیواكان و سەركەوتن و بڕانەوەی شەڕو ئاڵۆزی و پەتاو ناوخۆشییەكان بێت، ئارامی و ئاسایش و سەقامگیری باڵ بەسەر تەواوی مرۆڤایەتیدا بكێشێت.
ئاماژەشیكردوە، دەبێ بەرژەوەندیی گەلی كوردستان ئامانجی سەرەكی هەمومان بێت، با لەگەڵ دەستپێكردنی ساڵی تازەدا، یەكڕیزی، تەبایی، پێكەوەیی، یەكترقبوڵكردن و هاریكاریی هاوبەش بكەینە لاپەڕەیەكی نوێی پەیوەندیی نێوان هێزو لایەنە سیاسییەكان و هەموو پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان، پێكەوە كاربكەین بۆ پاراستن و مسۆگەركردنی مافە دەستورییەكان و فیدراڵی و چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی عیراق لەسەر بنەمای دەستور.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان دوپاتیشیكردۆتەوە، هەرێمی كوردستان ئەرك و بەرپرسیاریەتیی هاوبەشی خۆی جێبەجێ دەكات و وەك هەمیشە فاكتەری ئارامی و سەقامگیری دەبێت، بۆ هەموو هاوكارییەكیش ئامادەیە لەپێناو روبەڕوبونەوەی تەحەدییەكان و چارەسەركردنی كێشەكانی وڵاتدا، بۆ بەدیهێنانی ئارامی و سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی لە عیراق بەشێوەیەك ماف و شایستەكانی هەموو پێكهاتەكانی وڵات پارێزراوبن.