واژۆ
سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووتری هەدەپە پێی وایە، ئامارەكانی بومەلەرزەكەش هاوشێوەی ئامارەكانی كۆرۆنا دروست نین، دەكرێت ئێستا ژمارەی ئەو كەسانەی لەدەستیانداون 30 هەزاری تێپەڕاندبێت.
دەمیرتاش لە چەند تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویەتی، لە سەرەتای بومەلەرزەكەدا گەورەیی روداوەكەیان لە خەڵك شاردەوە بۆ ئەوەی كاردانەوەی لەناكاو دروست نەبێت، بەم كارەیان خەڵكیان لە بەهاناوەچوونی زیانلێكەوتووان دواخست.
باسی لەوەش كردووە، كاتی ئەوە هاتووە 85 ملیۆن كەس راستییەك ببینن، ئەم دەسەڵاتە كۆتاییهاتووە، خۆمان دەست لە نێو دەست هەوڵی ساڕێژكردنی برینەكانمان دەدەین، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە پێشی وایە، بەڵێنەكەی حكومەتی توركیا بۆ پێدانی 10 هەزار لیرە “كە 530 دۆلار دەكات” بە هەر خێزانێكی زیانلێكەوتووە، سوكایەتییە.
بەپێی دوایین ئامارەكان، تەنها لە توركیا نزیكەی 21 هەزار كەس بەهۆی بومەلەرزەكەوە گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 80 هەزار كەسیش بریندارن.