
سەرۆكی دەستەی دەستپاكیی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی كوردستان رەزامەندی دەربڕیوە بۆ دروستكردنی دادگایەكی تایبەت بە دۆسیەی گەندەڵی، دەشڵێت: دەستەكەیان سەرجەم داتا و ئامارەكانی رادەستی دەستەی دەستپاكیی عێراق دەكات.
ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆكی دەستەی دەستپاكیی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا راگەیاند، دۆسییەكان لە دادگە بە خێرایی یەكلایی ناكرێنەوە، ئەگەر خێرابن، گۆڕانكارییەكی باش لە دژایەتی گەندەڵی دروستدەكات و پرۆسەی چاكسازیی خێرا دەبێت، بۆیە دەستەی دەستپاكی داوای لە ئەنجوومەنی دادوەریی كرد كە دادگایەكی تایبەت بە دۆسیەی گەندەڵی دروستبكات و ئەوانیش رەزامەندییان داوە و بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكەش چاوەڕێین دوای هەڵبژاردنی عێراق رێكارە كردەییەكان بگیرێنەبەر.
بەپێی دوایین راپۆرتی دەستەی دەستپاكی، لە ماوەی شەش مانگی یەكەمی ساڵی 2021دا 650 دۆسیە گەندەڵیی لە بوارە جیاوازەكان تۆماركراون و لەو ژمارەیەش 100 كەیسیان دراونەتە دادگە.
ئەحمەد ئەنوەر باسی لەوەشكرد، ئێستا گەندەڵی بووەتە مەترسییەكی گەورە لەسەر داهاتووی عێراق و هەرێمی كوردستان، بۆ ئەو مەبەستەش هاوئاهەنگی باشمان لەگەڵ دەستەی دەستپاكی عێراق دروستكردووە و بڕیاریشە لە كۆتایی ساڵی 2021دا سەرجەم ئەو دۆسیانە ئاشكرا بكرێن كە لەبواری گەندەڵی لە عێراق تۆماركراون و هەرێمی كوردستانیش سەرجەم داتا و ئامارەكانی رادەستی دەستەی دەستپاكی عێراق دەكات.

