
پارێزگاری سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، ئەم هەڵبژاردنە كۆتایی ڕێگا نییە، سەرەتایەكی نوێیە بۆ خەباتێكی مەدەنیی و یاساییانەی وەها، كە هەنگاو بەرەو حكومەتی هاووڵاتیی و دەوڵەت و سەروەریی یاسا بەرێت.
هەڤاڵ ئەبووبەكر، پارێزگاری سلێمانی لە پەیامێكدا وێڕای ئەوەی سوپاسی سەرجەم ئەو لایەنانەی كردووە كە بەشداربوون لە سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن رایگەیاندووە، پیرۆزبایی خۆمان پێشكەشی هەموو ئەو كاندیدو قەوارانە دەكەین كە توانییان لە ناو بێمتمانەیی و بێباكیی و بەشدارینەكردنی ژمارەیەكی هەرەزۆری هاووڵاتیاندا؛ متمانەی بەشێك لە دەنگدەران بەدەستبێنن و ڕەوایەتیی نوێنەرایەتیی هەموو خەڵكی كوردستان و عێراق بۆ ئەندامێتیی ئەنجومەنی نوێنەران وەربگرن.
باسی لەئەوەشكرد، دەخوازین وەك تیمێكی نیشتمانیی یەكگرتوو بتوانن داكۆكیكارو پارێزەری مافە دەستورییەكانی خەڵكی كوردستان بن و بەیەكەوە بتوانن لایەنی كەمیی ئەو بەڵێنانە جێبەجێبكەن كە بە خەڵكی كوردستانیان داوە.
ئاماژەی بەئەوەشدا، هەموو ئەو كاندید و قەوارانەیشی نەیانتوانی پشكی سەركەوتن لە كەمترین ڕێژەی بەشداریكردن بەدەستبێنن، لەبەردەم تاقیكردنەوەی سەركەوتنێكی نوێدا دەبن ئەگەر بتوانن دڵی شكاوو متمانەی لەقكراوو بێخزمەتیی و گوێپێنەدانی ناڕازیی و دڵسۆزەكانی دوو لەسەر سێی هاووڵاتیانی بەشدارنەبوو لە هەڵبژاردنەكاندا؛ چاكبكەنەوە و ڕاستبكەنەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەم هەڵبژاردنە كۆتایی ڕێگا نییە، سەرەتایەكی نوێیە بۆ خەباتێكی مەدەنیی و یاساییانەی وەها كە هەنگاو بەرەو حكومەتی هاووڵاتیی و دەوڵەت و سەروەریی یاسا بەرێت؛ دیارە بۆ ئەو ڕێبوارانەی كە دەتوانن ڕاستگۆیانە ڕێگاكە تەیبكەن..
