
محەمەد حەسیب بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكانی سلێمانی رایگەیاند، لە ماوەی یەك هەفتەی داهاتوودا 5 ملیۆن لیتر نەوتی سپی دەخەنە بازاڕەوە و دەبینن لەم هەفتەیەدا نرخەكەی دادەبەزێت.
محەمەد حەسیب بە ماڵپەڕی ناس كوردی وتووە، رۆژانە نەوت دێت بۆ سلێمانی و بە بەردەوامی دەخرێتە بازاڕەوە، ئەوەش بەدڵنیاییەوە كاریگەری دەبێت بۆ سەر نرخەكەی و دادەبەزێت، نەوتمان بۆ دێت و زەخیرەمان كردووە لە كۆگاكانی عەربەت، ئێستا لە باركردنن بۆ پێنجوێن تاوەكو دابەشی بكەن، نەوتەكە حكومەتی هەرێم دابینی كردووە و نرخی یەك بەرمیل بە 55 هەزار دەدرێت بۆ هاوڵاتیان.
جەختی لەوەش كردووەتەوە، بەهۆی سەرما و كەم دەرامەتی خەڵكەكەی، سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەكانی وەك پێنجوێن و شارباژێڕەوە دەستیان پێكردووە و دوای ئەوەش پلانی تریان دەبێت، رۆژانە بەردەوام دەبن و بەزووترین كات تەواو دەكرێت.
بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكانی سلێمانی هێمای بۆ ئەوەش كردووە، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە گفتوگۆی بەردەوامدایە لەگەڵ بەغدا تاوەكو نەوتی سپی زیاتر رەوانەی هەرێمی كوردستان بكرێت

