
بەپێی راپۆرتی ئاژانسێكی ئەمریكی هەریەكە لە ئەمریكا، هیندستان و ژاپۆن ترسیان لەوە هەیە نرخی یەك بەرمیل نەوتی خاو بگاتە 100 دۆلار و بۆ ئەو مەبەستەش پەیوەندییەكانیان بە وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت و رێكخراوی ئۆپێكەوە چڕ كردووەتەوە لە پێناو زیاد كردنی بڕی بەرهەم.
ئاژانسی بلومبێرگ لە راپۆرتێكدا بڵاویكردووەتەوە، نرخی یەك بەرمیل نەوتی خاو گەیشتووەتە 85 دۆلار و ئەوەش ترسی لای ئەمریكا، هیندستان و ژاپۆن دروست كردووە كە بگاتە 100 دۆلار، بۆ ئەو مەبەستەش بەیەكەوە قسەیان كردووە و پەیوەندییان بە وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت و رێكخراوی ئۆپێكەوە كردووە.
رونیشكراوەتەوە، ئەو وڵاتانە و چەند وڵاتێكی تریش پەستانەكانیان لەسەر بەرهەمهێنەكان زیاد كردووە تاوەكو بڕی بەرهەمیان لە بازاڕەكاندا زیاد بكەن، ئەوەش لە پێناو رێگەگرتن لە زیاتر بەرزبونەوەی نرخی نەوت.
ئاژانسەكە جەختی لەوەش كردووەتەوە، تاوەكو ئێستا چین بێدەنگە بەڵام هەمان بۆچونی ئەو وڵاتانەی هەیە و ئەو وڵاتانە بەهێزترین پەستانی دبلۆماسییان بۆ سەر رێكخراوی ئۆپێك دروست كردووە لە ماوەی چەند ساڵی رابردودا، بەشێوەی ئاشكرا بێت یاخود نهێنی.
