
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان داوا لە ئەڵمانیا دەكات هاوكاری هەرێم بكەن لە بوارەكانی چاكسازیدا.
بەپێی راگەیەنراوێك، قوباد تاڵەبانی لەگەڵ كلێمێنس سێمتنەر كۆنسوڵی گشتی ئەڵمانیا لەهەرێم كۆبۆتەوەو بە گرنگییەوە باسیان لەپێویستی پەرەپێدانی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكانی نێوان وڵاتی ئەڵمانیا و هەرێمی كوردستانی كردوە.
لە بەشێكی تری كۆبونەوەكەدا قوباد تاڵەبانی سەبارەت بە پرۆسەی چاكسازییەكانی حكومەتی هەرێم بەرچاوڕونی داوەتە كونسوڵی گشتی ئەڵمانیاو داوایكردوە كە حكومەتی ئەڵمانیا زیاتر هاوكاری حكومەتی هەرێم بێت لە بەرەوپێشبردنی هەنگاوەكانی چاكسازی لە بوارە جیاوازەكاندا.
لەبەشێكی تری ئەو كۆبونەوەیەدا جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم و كونسوڵی گشتی ئەڵمانیا باسیان لە دەرەنجامی هەڵبژاردنەكانی عیراق كردوەو هەردوولا هاوڕابوون كە دەبێت لایەنە براوەكان هەرچی زووە بكەونە دیالۆگی بونیاتنەرانە لەپێناو پێكهێنانی حكومەتێكی كارا و خزمەتگوزار كە لە ئاستی چاوەڕوانی و داخوازییەكانی هەموو پێكهاتەكانی عیراقدا بێت.

